ژمارەیەک دادوەری ھەرێمی کوردستان لە نەخشە رێگەیەکدا کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمانیان کردوە، داوا دەکەن سنوری دەسەڵاتی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمان روون بێت و یاسا سەروەربێت، لەخولی ئێستای پەرلەماندا پڕۆسەی ئامادەکردنی دەستور و ئەنجامدانی راپرسی تەواوبکرێت.

لە بەشێکی تری نەخشە رێگەکەدا ھاتووە، دەبێت یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٧  ھەمواربکرێتەوە بەو ئاڕاستەیەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری پێگەی وەک سەرۆکی دەسەڵات و ھاوشێوەی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بپارێزرێت و دەستکاری پەیکەری ئەنجومەن بکرێت.

ھەروەھا پێشنیازێک تریان بۆ ئامادەکردنی رەشنوسی یاسای سەرپەرشتیاری دادوەریە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی دەرچواندنی، بۆئەوەی باشتر کاری دادوەران و دادگاکان بەدواداچونی بۆ بکرێت، لەپێشنیازێکی دیکەشیاندا ھاتوە، دەزگای داواکاری گشتی یاسایەکی تۆکمەی باشی بۆ دەربچوێندرێت و سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی ئەو دەزگا دادوەریە فەراھەم بکرێت.