"حسێن رەقیب"بەرێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە لەم ھەفتەیەدا فۆرمی وەرگرتنی کارمەند بە شێوەی گرێبەست بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان بڵاوبکرێتەوە.


 وتیشی، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە ٣٠ ھەزار کارمەند ھەیە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک، ئەو کەسانەی ئەو فۆرمەش پڕ دەکەنەوە دەبێت بڕوانامەی لە ئامادەیی کەمتری نەبێت ، ھەروەھا خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش دەتوانن فۆرمەکە پڕ بکەنەوە، دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە و ھاوپێچکردنی داواکارییەکان فۆرمەکان دەگەڕێننەوە بۆ بنکەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن لە پارێزگاکان.