"باڵانبۆ محەمەد" ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارە بۆ جاری دووەم لیوا ھاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە پێکھاتوون لە ١٣ لیوا و سێ یەکەی مەشق و راھێنان، لە رۆژی پێنج شەممەوە سێ مووچە بەبێ لێبڕین وەربگرن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، مووچەکان لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمانەوە دابینکراوە و وەک لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان داوایان لە حکومەتی ھەرێم کردوە پشت بە خۆی ببەستێت بۆ دابەشکردنی مووچەی لیوا ھاوبەشەکان چونکە لە ئەگەری ھەر پێشھاتێک لە ناوچەکەدا، دوور نییە ھاوپەیمانان ھاوکارییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە راگرن.

جێی ئاماژەیە، رۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢١ دەستکرا بە دابەشکردنی سێ موچەی ساڵی ٢٠٢٠ی لیوا ھاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و ماوەی ٤٦ رۆژە لیوا ھاوبەشەکان مووچەی تریان وەرنەگرتووە، ئەم سێ مووچەش کە پێنج شەممە دابەشدەکرێت، مووچەی ساڵی ٢٠٢٠ .