وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆل بۆ قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی لە سەرجەم خوێندنگە حکومی و ناحکومی و گوندەکان دەستپێدەکات. 


ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەفتەیەکدا سێ ڕۆژ دەوام دەکرێت و پێویستە ھەموو لایەک پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، ڕاشیگەیاند، خوێندنی ئەلیکترۆنی و گروپی وانەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبن و دەتوانرێت ئەو سێ ڕۆژەی خوێندکار لەناو پۆل نییە، ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربوونی بدرێت.


وەزارەتی پەروەردە ڕوونیشیکردەوە، بەخێوکاری خوێندکاران ئەگەر ئارەزوویان بێت منداڵەکەیان لەناو پۆل نەخوێنێت، دەتوانن لە ھەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆڕمی بەڵێننامە پڕ بکەنەوە کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لەناو پۆل دەبێت.