لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی بۆ کۆماری ئەرمینیا، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا کۆبووەوە و پێکەوە لە بارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پێشھاتەکانی ناوچە گفتوگۆیان کرد. ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا و لەسەر بارودۆخی کوردانی نیشتەجێی ئەرمینیاش ھەڵوێستەیان کرد بە تایبەت ئەو کوردانەی بۆ خوێندن ڕوویان لەو وڵاتە کردووە.


لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کۆمەڵگای ئەرمەنی لە کوردستان و بە گرنگییەوە باس لە دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا کرا کە بڕیارە لە مانگی داھاتوودا دەست پێ بکات.


ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگی دروستکردنی پەیوەندی بازرگانی و ئاسانکاری پێدانی ڤیزا و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ئەرمینیا لە بواری وزە لە ھەرێمی کوردستان.
سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆماری ئەرمینیا لەسەر بانگھێشتی فەرمی حکومەتی ئەرمینیایە و سێ ڕۆژ دەخایەنێت. لەم سەردانەدا ھەر یەکە لە دارا ڕەشید وەزیری پلاندان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یاوەری جێگری سەرۆک وەزیرانن.