یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات کۆتایی بە لێبڕینی نایاسایی مووچە بھێنێت و ژمارەی بانکی بۆ سەرجەم مامۆستایان بکاتەوە و مووچەی ئەو مانگانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە کە نەدراون یان پاشەکەوت کراون.


داواش دەکات مامۆستایانی وانەبێژ کە لە ئێستادا بۆشایی دانەمەزراندنی مامۆستایانیان پڕکردووەتەوە، خزمەتیان لە بەرچاو بگیرێت و بە بەردەوامی شایستە داراییەکانیان پێبدرێت و بە گرێبەست یان ھەمیشەیی دایان بمەزرێنن. یەکێتی مامۆستایان داواش دەکات پلە و مووچە بەرزکردنەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ڕاگیراوە، دەستپێبکاتەوە.


جەختیش دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی ڕەشنوسی پارێزبەندی مامۆستایان کە سێ ساڵ زیاترە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە. داواش دەکات لە یاسای چاکسازی دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستایان بە گشتی و مامۆستایانی زانکۆ بە تایبەتی نەبرێت، لە یەکخستنی یاسای خانەنشینیش دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت.