دەقی روونکردنەوەکە...

روونکردنەوەیەک لە دادگای پێداچوونەوە و ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستانەوە

سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم / دەستەی سزایی/٢ بە ژمارە (٤٦٨/ دەستەی سزایی٢ /٢٠٢١) لە رێکەوتی ٢٨/٤/٢٠٢١ کە کاردانەوەی جۆراوجۆی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لێکەوتۆتەوە، ئێمە جەخت لەوە دەکەین کە لە ھەموو قۆناغەکانی دادگایی کردن و بڕیاردان لەسەر ئەم دۆسیەیە بە پشت بەستن بە زانیاری و بەڵگە ‌و دیکۆمێنتی دروست و بەو پەڕی پیشەیی و یاساییانە و سەربەخۆییانە ‌و بێلایەنانە مامەڵەمان کردووە. بۆیە بەشێک لەو کاردانەوە و ھەڵوێست نواندنانە دەچنە خانەی دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان و رێزنەگرتنە لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەرکی ئێمە و ھەموو ھاووڵاتیان و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانە کە پابەند بین بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و حوکمی یاساو بڕیاری دادگاکان.

لەبارەی ناوھاتنی کونسوڵخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئەڵمانیا لە چوارچێوەی خستنەڕووی ئەو زانیاری و بەڵگانەدا بووە کە تاوانباران دانیان پێدا ناوە. ئیمە جەخت دەکەینەوە ناوھێنانی ناوی ئەو کونسوڵخانانە لەسەر زاری تاوانبارانەوەیە و دادگا ئەوانی بە تۆمەتبار نەزانیوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی کاری دیپلۆماسی و یاسا بەرکارەکان ئامادەیی تەواوی خۆمان نیشان دەدەین بۆ ئاگادارکردنیان لە ھەموو زانیاری و بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی دۆسیەی ناوبراوان بە مەبەستی دەرکەوتن و نیشاندانی راستیەکان.

بۆ زانیاری ھەموو لایەک ئەو بڕیارە ھێشتا پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە و قۆناغی دیکەی تانەلێدانی ماوە کە ئەویش قۆناغی داواکردنی راستکردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەیە (گلب تێحیح القرار التمییزی) بە پێی یاسا، سزاداراوان دەتوانن تانە پێشکەش بکەن بۆ راستکردنەوەی بڕیارەکە.


ب. راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان 
٨/٥/٢٠٢١