لە راگەیەندراوێکی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ھاتووە، پاش ئەوەی دوێنێ ٥ی ئایاری ٢٠٢١ کچێک لەسەر پردی وڵوبەی شاری سلێمانی خۆی ھەڵدایە خوارەوەو گیانی لەدەستدا و ناسنامەکەی نادیاربوو، دوابەدوای رووداوەکە بەدواداچوون بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییەکە و ھۆکاری رووداوەکە دەستیپێکرد.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، دوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، ئێوارەی ھەمان ڕۆژ توانرا ناسنامەی کچەکە ئاشکرا بکرێت و کەسوکاری بدۆزرێتەوە، دەرکەوت کچەکە ناوی (م، ڕ، م) و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠١ و پیشەی خوێندکارەو دانیشتوی گەڕەکی ھوانەی شاری سلێمانییە.

راشیگەیاندووە، کچەکە سەرلەبەیانی دوێنێ بەمەبەستی چونی بۆ خولێک لەگەڵ براکەیدا لەماڵ چووەتە دەرەوە و پاش جیابونەوەی لەبراکەی چووەتە سەر پردی وڵوبەو خۆی ھەڵداوەتە خوارەوە و بەوھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
رونیشکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بۆ ئاشکراکردنی ھۆکاری رووداوەکە بەردەوامە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەیوانەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە.