بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندوە، شەوی رابردوو مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی سەید سادق ئاگادارکرایەوە لە بونی ڕوداوێکی تەقەکردن لەگوندی دەرەتەک ی سەربەناحیەی بەرزنجە لە سنوری قەزای سەید سادق، دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی سەید سادق و تیمەکانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوینی ڕوداوەکەو زانرا دەستڕێژی گولە لە ئۆتۆمبێلێک کراوە کە سێ سەرنشینی تێدا بووەو بە ھۆیەوە یەکێک لەسەرنشینەکان بە ناوی ( ڕ ، ت ، م )لەدایکبوی ٢٠٠١ گیانی لەدەستداوەو دوو سەرنشینەکەی تر بریندار بوون .

راشیگەیاندووە، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبارێک بەناوی (س ، م ، م )لەدایکبوی ١٩٨٦ دەستگیربکرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفدا کە بەتۆمەتبار بووە .

پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکردووە، لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە و ھەرکەسێک لەم دۆسیەیە تێوەگلابێت دەستگیردەکرێت و ڕوبەڕوی یاسادەکرێتەوە .