لاھور شێخ جەنگی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەحمەد سلێمان، ئەحمەد بەرەکات، سەڵاح دەروێش، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا گفتوگۆیانکرد دەربارەی دۆخی ڕۆژئاڤا و ڕێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، جەختیانکردەوە لەسەر نەھێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی کوردی ڕۆژئاڤا دەبێتەوە، پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتی و زمانی گفتوگۆیان دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاڤا بە جۆرێک کە ڕۆڵی ھیچ لایەنێک نادیدە نەگیرێت، لەو ڕووەشەوە پشتیوانی و ھاوکاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان بۆ دووپاتکرایەوە.

ھەروەھا ئاماژەیان بە پەیوەندیی دێرین و مێژویی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا  کرد کە بناغەکەی لەسەر دەستی ھەردوو خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال و عەبدولحەمید دەروێش داڕێژراوە.