لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لەگەڵ ھەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی پێشوازیمان کرد لە د.بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان. 
رشیگەیاندووە، ئاماژەمان بە گرنگی ڕۆڵی نیشتیمانیی سەرۆککۆمار کرد بۆ کارکردن لەسەر یەکخستنی ڕیزەکان و پەرەپێدانی پڕۆسەی سیاسی بە پشتبەستن بە دەستوور، کە بەشداری ڕاستەقینە و نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان لەخۆ بگرێ، سوپاسی د.بەرھەممان کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی کە تیادا سەرکەوتوو بووە بۆ دەربازبوون لەو ئاستەنگانەی کە پێشتر ھاتوونەتە پێش و تێپەڕاندنی کێشەکان بە شێوەیەکی ژیرانە کە خێر و بەرژەوەندیی گەلی تیادا بێ بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە. 
لاھور شێخ جەنگی دەشڵیتباسمان لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد و ڕامانگەیاند کە ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دانانی بناغەیەکی بەھێز بۆ داھاتووی عێراق و ھەرێمی کوردستان. 
ئاشکراشیکردووە جەخت لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو دەکەینەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کە جێگەی ڕەزامەندی ھەمووان بێت. 
وتیشی، باسمان لە بەستنی ھاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، بە ھەنگاوێکی گرنگمان لە قەڵەمدا بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و بەدەستھێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا.