"بافڵ تاڵەبانی" ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی جیھانی کرێکاران ڕایگەیاند، لە ڕۆژی کرێکاراندا یادی ئەو کرێکارە ماندوونەناس و دڵسۆزانە دەکەنەوە کە ڕۆڵێکی گرنگ و بونیادنەرانەیان بینیووە لە دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەناوی کرێکاران و ڕەنجدەرانەوە گەشەیکردووە، بۆیە پاڵپشتی و داکۆکیکردن لە ماف و داوا ڕەوا و یاساییەکانیان بە ئەرکی خۆیان دەزانێت. جەخت لەوەشدەکاتەوە، دەبێت بەرامبەر ڕۆڵی گرنگ و مێژووییان وەفادار دەبن.


لە بەشێکی تری پەیامەکەدا ھاتووە، بەھۆی ئەو ڕەوشە ئابورییە سەختەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەسەر کوردستاندا ھات، کرێکاران بە ژیانێکی قورس و ناھەمواردا تێپەڕین.
بەڵێنیش دووپاتدەکاتەوە، لە ھەوڵەکانیان بەردەوامبن لە پێناو دەستەبەرکردنی گوزەرانێکی باشتر و ژیانێکی شایستەتر بۆ کرێکارانی کوردستان.