دەقی پەیامەکە : 

بەبۆنەی ١ی ئایار، ڕۆژی جیھانیی کرێکارانەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی کرێکارانی کوردستان و عێڕاق جیھان دەکەین.
ئەم بۆنە جیھانییە بەدەرفەتێک دەزانین کەتێیدا ستایشی ڕۆڵ و کاریگەریی ڕاستەوخۆی کرێکاران بکەین لەئاوەدانکردنەوەو بنیادنانەوەی وڵاتدا، بووژاندنەوەو نوێکردنەوەی ھیچ سێکتەرێکی ژیان بەدی ناکەین کەشوێن پەنجەی زێڕینی کرێکارانی پێوە دیار نەبێت، ئەوەی کەھاتۆتە دی بەری ڕەنج و ماندووبوونی دڵسۆزانەی ئەوانە.


ئێمە لەپەرلەمانی کوردستان وێڕای پشتیوانیمان لەھەموو داخوازییە ڕەواکانی کرێکاران، ھاوکات داکۆکیکاری خەباتی ڕێکخراوەییان دەبین لەسەندیکا پیشەییەکانیاندا، لەپێناو فەراھەمکردنی ژیان و گوزەرانێکی ئاسوودەتر بۆیان و دابینکردنی بیمەو خانانەنشینکردنیان لەدوای تەمەنی یاسایی کارکردن.


ھەروەھا پاڵپشتیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ کرێکاران و دەستی کاری ناوخۆیی، پێویستە لەسەر حکومەت چاودێریی ڕێژەی ھێنانی دەستی کاری دەرەکی بکات لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، بەجۆرێک کار نەکاتە سەر بژێوی و کاری کرێکارانی ناوخۆیی، ھەروەھا یاساکانی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەھەموو وردەکارییەکانییەوە جێبەجێ بکات، پەرلەمانی کوردستانیش، زەمینەی تەواو دەڕەخسێنێت بۆ دەستپێشخەریی ھەر پێشنیازەیاساو ھەموارکردنەوەیەکی نوێی یاسای کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کەگۆڕانکاری لەماف و داخوازییەکانی کرێکاران بکات بەرەو ژیانێکی شایستە تر. 
جارێکی تر پیرۆزبێت جەژنی کرێکاران، سڵاو بۆ گیانی پاکی ھەموو ئەو کرێکارانەی کە لەکاتی خزمەت و کارکردندا گیانیان سپارد.
ھەمیشە سەرکەوتوو و سەرفرازبن.