لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری لە روونکردەوەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەکۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممەی پەرلەمانی کوردستاندا، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە، سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری ئیمزا لەسەر ئەو فەرمانە ناکات کە فرە مووچەی نایاسایی و بن دیوارەکان فەسڵ بکرێن.
لە بەشێکی تری رونکردنەوەکەدا ھاتووە، لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری ئەو ووتانەی ئەو پەرلەمانتارە رەت دەکاتەوە و بەھیچ شێوەیەک شتی لەو جۆرە نییە و دوا بڕیاری لیژنەش ئەوەبوو،‌ مووچەی ١٦ ھەزار و ٥٠٥ کەس کە فرە مووچەی نایاساییان ھەبوو راگیراوە، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە دەکرێت لە مووچەی زیاتر لە ٣٦ ھەزار مووچەخۆری تر، دواتریش بڕیار لەسەر ئەوانیش دەدرێت.
لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری جەختی لەوەشکردۆتەوە، ئەو پەرلەمانتارە لەبێ ئاگایی خۆیەوە ئەو قسانەی کردووە، بۆ ھەموو لایەکیشی روون دەکەنەوە پڕۆسەی بایۆمەتری بەردەوامە و یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی کابینەکانی ھەشت و نۆی حکومەتی ھەرێم.