سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، بازرگانانی ھاوردەکردنی سوتەمەنی پێیان راگەیاندین نرخی سوتەمەنی لەسەر ئاستی جیھان زیادیکردووە، دابەزینی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار و زیادبونی رسومات ھۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنیە .

راشیگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی زیاد بکات بۆ وەرگرتی ئەو بڕە بەنزینەی چۆن بۆ پارێزگاکانی خواروی عێراق دابین دەکرێت ھەرێمی کوردستان بێ بەش نەبێت لەو بڕە سوتەمەنیە کە نرخی بە ٤٥٠ دینار دیاریکردووە بەمەش نرخ جێگیر دەبێت.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوەشدەکات، پێدانی مۆڵەتی ھاوردەکردنی بەنزین پێشتر لەلای پارێزگاری سلێمانی دەدرا بۆ ھاوردەکردنی سوتەمەنی، بەڵام ئێستا چووەتەوە لای بەڕێوەبەرایەتی سامانە سروشتیەکان، کە بۆ ھەر تۆنێک ١٥ دۆلار تا ٢٥ دۆلار وەردەگرێت وە رسوماتی باجی دەرامەت لە ١٨ ھەزار دینارەوە زیادبووە بۆ ١٨٠ ھەزار دینار ئەمانە ھەموی کاریگەری لەسەر بەرز بونەوەی نرخی بەنزین ھەبووە.