بەبۆنەی ٢٥ـەم ساڵیادی دامەزراندنییەوە، سەرۆك كۆماری عیراق سەردانی دەزگای میدیایی كوردساتی كرد و پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و رۆژنامەنووس و كارمەندەکانی كرد. 

لە سەردانەكەیدا بۆ دەزگای میدیایی كوردسات، د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق سەرەڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و كارمەندانی كەناڵەكە، هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی بۆ خواستن لە كاركردن بۆ خزمەتكردن و گرنگیدان بە دەنگ  و بابەتەكانی پەیوەست بە ژیانی خەڵكی كوردستان و عیراق، بەتایبەت لەرووی گرنگیدان بە بەها كۆمەڵایەتییەكان و بابەتە رۆشنبیری و سیاسییەكان. 

سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشكرد، كوردسات لە قۆناغێكی سەختی كاركردندا دامەزرێنرا و لەماوەی كاركردنیدا گرنگی بە خواستی بینەرەكانی داوە لە رێگەی بە ئاگاهێنانەوەی هاوڵاتییان لەبارەی بابەتە چارەنوسسازەكان لە هەرێمی كوردستان و عیراق. 

سەرۆك كۆمار داواشی كرد، كوردسات وەك هەمیشە گرنگی بدات بە پرسی ئازادی لەناو كۆمەڵگە و دیموراسی، لەگەڵ پەرەدان بە گیانی برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان. 

ئەمڕۆ ١ی ١ی ٢٠٢٥، تەمەنی دەزگای میدیایی کوردسات بووە ٢٥ ساڵ و ماوەی ٢٥ ساڵە ئەو دەزگایە وەک ماڵێک بۆ هەمووان، خزمەت بە کۆمەڵگەی کوردی دەکات و لە خەمی زمان و کلتور و بەها کۆمەڵایەتییەکاندایە.