بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە لویس ئایالا، سكرتێری پێشووی رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ كرد و رایگەیاند، درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبین و لەسەر هەمان رێچكەی ئەو درێژە بە خەباتی سیاسی، مەدەنی و دیموكراسی خۆمان دەدەین

لە دیدارێکدا سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دارا خەیلانی، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئامادەبوون، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گەرمی بەخێرهاتنی لویس ئایالای كرد بۆ سلێمانی و سوپاسی هەوڵ و پشتگیرییە بەردەوامەكانی كرد بۆ دۆزی كورد و یەكێتی و رایگەیاند، یەكێتی دۆستەكانی لەیادناكات بەتایبەت كە ئێوە دۆستی سەرۆك مام جەلال بوون و پشتگیریی مافەكانی گەلی كوردتان كردووە.

وتیشی، بەدڵنیاییەوە درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبین و لەسەر هەمان رێچكەی ئەو درێژە بە خەباتی سیاسی، مەدەنی و دیموكراسی خۆمان دەدەین لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری و ئاشتەواییدا.

لەبەرامبەردا لویس ئایالا، سكرتێری پێشووی رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ و سیاسەتمەداری دیاری جیهان سوپاسی ئەو پێشوازییەی کرد و بە گرنگییەوە لە رۆڵی سەرۆك مام جەلالی روانی وەك سەركردەیەكی كاریگەر و ماندوونەناس بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، ئاشتی و پێكەوەژیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، دڵنیاین ئێوەش میراتگری ئەو مێژووە درەوشاوەیە دەبن و بە هەمان رێگەی ئەودا خەبات بۆ دیموكراسی و یەكسانی دەكەن، سیاسەتی ئەمڕۆی یەكێتیش رەنگدانەوەی رێبازەكەی سەرۆك مام جەلالە.

‏‎هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی پرەنسیپەکانی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ، ئاشتی و بیروباوەڕی پێکەوەژیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عیراق و تەواوی جیهان کرایەوە.