لهبارهی نەوتی هەرێم؛ بانگهێشتی محهممهد شیاع سودانی دهكرێت بۆ پهرلهمان
ڕێباز
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
١٠
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی سودانی كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە دەكات كە تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی بڵاوكردەوە كە تەوەری یەكەمی بریتیە لە میوانداریكردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بڵاویكردەوە، میوانداری سودانی بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتەكانی حكومەت و ئەو ڕێوشوێنانەیە كە دەیگرێتەبەر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگ و پێشهاتە بەردەوامەكانی ناوچەكە، هەروەها باس له ئامانجەكانی بەرنامەی حكومەت و ئەولەویەتەكانی و ئەوەی بەدەستهاتووە دەكرێت، لەگەڵ پڕۆژەیاسا گرنگ و پێویستەكان بۆ تەواوكردنی ئامانجەكانی پلانەكانی گەشەپێدان.
هەر بەپێی كارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران، جیا لە بانگهێشتكردنی سودانی، خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت، لەوانەش خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجە و دەنگیش لەسەر پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دەدات و هەروەها هەمواری یەكەمی پێشنیازەیاسای رەگەزنامەش دەنگی لەسەر دەدرێت، خوێندنەوە و گفتوگۆش لەسەر پڕۆژەیاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت.