وەفدێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم لەبەغدادە بەمەبەستی هاوتاكردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر كە ئەندامی وەفدەکەیە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی سێشەممە وەفدێكی باڵا بەسەرپەرشتی كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گەیشتووەتە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوتاكانیان لە عێراق.

باسی لەوەشكرد، وەفدەکە بۆ چوار پرس چووەتە بەغداد كە بریتین لە هاوتاكردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، زیادكردنی ناوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی تۆمار نەكراون، گەڕاندنەوەی هاوكاری بۆ خێزانە هەژارەكان لەگەڵ پێدانی سەبەتەی خۆراك بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

لە مانگی ئەیلولدا وەفدێكی وەزارەتی كار و كاروباری عیراق، سەردانی هەولێریان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی  وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم كۆبوونەوە.

پێشتر وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم، لیستێك كە لە ناوی زیاتر لە ١٣ هەزار و ٢٠٠ خاوەن پێداویستیی تایبەت پێكهاتوون، بەمەبەستی هاوتاكردنی موچەكانیان رەوانەی بەغداد كران.