وەزارەتی خوێندنی باڵا: وەرگرتنی قیستی پارالێڵ و ئێواران دوادەخرێت
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، وەرگرتنی قیستی پارالێڵ و ئێواران دوادەخرێت و بڕیارەكەش خوێندكارانی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا دەگرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە گشتاندنێکدا کە بە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا دەرچووە و ئاڕاستەی گشت زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە تیایدا هاتووە، بڕیاریاندا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پاراڵێڵ و ئێواران لە خوێندکارانی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا کە بە پارالێل یاخود ئێواران لە زانکۆکان و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەت دەخوێنن.
ئاماژەی بەوەشکراوە، بڕیارەکە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و دۆخی دارایی خوێندکاران و داهاتی کەسوکار و خێزانەکانیان و دواکەوتنی موچەی موچەخۆران و شایستە داراییەکانیانە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت، پێویستە وەرگرتنی قیستەکان بخرێتە مانگەکانی داهاتوی ساڵی ئایندە، بەپێی خشتەیەکی رێکخراو کە رەچاوی بارودۆخی داهات و دارایی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات.