ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە رەتیدەكاتەوە هیچ بڕیار و نووسراوێكی رەسمی لەلایەن حكومەتی هەرێم یاخود حكومەتی فیدراڵەوە دەرچووبێت بۆ قەرەبووكردنی ئەو هاووڵاتیانەی لەكاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون.

ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، چەند جارێكە بابەتی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاوارەی پارێزگای هەڵەبجە بەبێ هیچ نووسراوێكی رەسمی حكومەتی هەرێم  یاخود حكومەتی فیدراڵ دەجوڵێندرێت بۆ مەرامی سیاسی و كەسی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە لە رێگەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆوە كە لیژنەی تایبەتمەندی بۆ پێكهێنراوە دەركەوتووە، لەئیستادا هیچ نوسراوێكی رەسمی نییە بۆ دەستپێكردنەوەی قەرەبووی هاووڵاتیانی ئاوارەی هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی هەرێم یاخود حكومەتی فیدراڵەوە.

ئیدارەی پارێزگاكە دڵنیاییش دەدات، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان بۆ قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاوارە بەردەوامی دەبێت و لەكاتی بوونی هەر نووسراوێكی رەسمی لەوبارەیەوە، بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.