سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، پرۆسەی سەرژمێری ئێجگار گرنگ و چارەنووسسازە، بە تایبەتیش بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، وەک ئاگادارن کە بڕیار وایە لە رۆژانی ٢٠و ٢١ی ١١ی ٢٠٢٤ پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و تەواوی پارێزگاکانی عیراقدا بەڕێوەبچێت کە ئەم پڕۆسەیە بۆ میللەتەکەمان ئێجگار گرنگ و چارەنووسسازە، بە تایبەتیش بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، چونکە لە لایەک ناسنامە و داهاتووی ئەو ناوچانە دیاریدەکات، لە لایەکی تریشەوە ئایندەی تاک بە تاک و خێزان بە خێزانی دانیشتووانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی لەسەر بەندە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو سۆنگەیەوە دەبێت هەموومان بەبێ جیاوازیی و بەو پەڕی پەرۆشی و هەستی کوردایەتییەوە لەم سەرژمێرییەدا بەشداریی بکەین و ناوی خۆمان و خێزانەکانمان تۆمار بکەین".

هاوکات ئاسۆ مامەند داوا لە ئاوارەکانی دانیشتووی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی مافی کەرکوکی بوون لەدەست نەدەن بە زوویی بگەڕێنەوە کەرکوک و شوێنەکانی خۆیان و بەشداریی لەم پرۆسە چارەنووسسازەدا بکەن، چونکە ئەم سەرژمێرییە شوێنی سەرجەم سەرژمێرییەکانی پێشوو دەگرێتەوە بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ـەوە، بۆیە پەلە بکەن و بگەڕێنەوە زێدی باوک و باپیرتان و ناوی خۆتان تۆمار بکەن.