بافڵ جەلال تاڵەبانی: سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر سلێمانی جێبەجێبکرێت
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١١٩
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی بنیاتنانی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبکرێت، سلێمانی لە رۆحماندایە و وەک چاومان دەیپارێزین.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
ئەمڕۆ بە خۆشەویستییەکی زۆر و دڵێکی پڕ لە هیواوە یادی 240 ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێك دەکەینەوە کە هەموو رۆژێک شانازییەک بۆ مێژووە زێڕین و درەوشاوەکەی تۆماردەکات و دەگەشێتەوە.
ئەمڕۆ لە قووڵایی دڵمانەوە دروود و سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییانە دەنێرین کە بەشێکی گرنگ و کاریگەری مێژووی شارە حەیاتەکە بوون و سلێمانییان کردە سیمبوولی کوردایەتی و دادپەروەری. بە پێزانینەوە یادی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەمان دەکەینەوە کە مۆرکی رۆشنبیرییان بە شاری شاران بەخشی و سەری رێز بۆ مێژووی هەوڵدان و پڕ لە بەرهەمیان دادەنەوێنین. بێگومان دڵسۆزی و خۆڕاگریی سلێمانییە سەربەرزەکانیش لەیادناکەین کە سەرباری هەموو دۆخە سەخت و دژوارەکان، کە سەرەڕای هەموو سزا سیاسی و جیاکارییەکان، وەک گۆیژە بەپێوە مانەوە.
ئەوانەی لە رابردوودا و بە هەر مەبەستێک دژایەتیی سلێمانییان کردووە و بە هەر هۆکارێک ئەم شارەیان فەرامۆشکردووە، بەداخەوە نە ئاشنای مێژووی شارەکەن و نە دەتوانن لەو رۆحە زیندووە ئازادیخوازەی خەڵکەکەی تێبگەن. راستییەکە و حاشای لێناکرێت سلێمانی تاکڕەوی و نادادی رەتدەکاتەوە، بیرە ئازاد و رۆشنگەرەکەی نایەوێت تەسلیمی ئیرادەیەکی فەرزکراوبێت و دژی خواستەکانی بوەستێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ سلێمانی و خەڵکەکەی پێویستییانە، ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە. ئەوەی دەبێت پێشکەشی سلێمانی بکرێت پێویستە زۆر لەوە زیاتر بێت کە بە کوردستانی بەخشیووە و دەیبەخشێت. بۆ ئێمەش کە بەرپرسیارێتیی ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان لەسەر شانە، سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبکرێت، سلێمانی لە رۆحماندایە و وەک چاومان دەیپارێزین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان