سەرۆك كۆماری عیراق: سلێمانی هەموو كاتێك شاری نوسەران و ئەدیبان و تێكۆشەران بووە
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٠١
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە ساڵیادی بنیادنانی سلێمانیدا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی قوربانی زۆری لە پێناوی تێكۆشانی نیشتمانی و سەربەستیدا پێشكەش كردوە، دڵنیام وەکو شاری رۆشنبیری و نیشتمانپەروەری هەمیشە بە پێشەنگی دەمێنێتەوەو رۆژ بەڕۆژ بەرەو ئاوەدانی زیاتر و پێشکەوتن دەچێت.
پیرۆزبایی سەرۆك کۆماری عیراق
بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی
بەبۆنەی یادکردنەوەی تێپەڕبوونی ٢٤٠ ساڵ بەسەر دروستکردنی شاری (سلێمانی)دا، پیرۆزبایی لە خەڵکی شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیری کوردستان ئەکەم. لەم بۆنەیەدا دروود بۆ رووحی پاکی میری بابان ئیبراهیم پاشا دامەزرێنەری سلێمانی دەنێرم، ئەم شارە هەموو وەختێك شاری نوسەران و ئەدیبان و تێکۆشەران بوە، قوربانی زۆری لە پێناوی تێکۆشانی نیشتمانی و سەربەستیدا پێشکەش کردوە.
بەهەزاران لە رۆڵەکانی لە شێرە ژنان و کوڕانی گیانی خۆیان فیدای سەربەستی و ئازادی کردوە، سلێمانی شاری داهێنان و خۆشەویستی و هونەر و ئازایەتی بوە، بەهەق خەڵکەکەی رۆشنبیر و روخۆش و نیشتمانپەروەرن، لەم یادەدا ئەرکی هەموو لایەکمانە خزمەتی شارەکە بکەین، ، دووبارە پیرۆزە.
د.لەتیف رەشید
سەرۆك کۆماری عیراق