سەرۆك وەزیرانی عیراق دڵنیاییداوە بە لێپرسراوانی باڵای هەرێم كە سێ موچەی ئەمساڵی موچەخۆران نافەوتێت و هەفتەی داهاتووش موچەی مانگی دە رەوانەی هەرێم دەكرێت.

سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عیراق بە میدیاكانی عیراقی راگەیاندوەو، كە سودانی لەمیانەی كۆبوونەوەكانی دوێنێی لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێم دڵنیایداوە لەوەی كە موچەی مووچەخۆران بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ نافەوتێت و رەوانە دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتی دارایی عیراق داوای لە وەزارەتی درایی هەرێم كردووە بەزووترین كات داهاتی نانەوتی مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەم رەوانەی بەغداد بكات.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، چەندین كێشە لە لیستی موچە هەبووە، بەڵام لەئێستادا چارەسەركراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەغداد پارەی موچە بۆ مانگی دە رەوانەی هەرێم بكات.

سودانی رۆژی چوارشەممە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و لێپرسراوانی دیكەی باڵای هەرێم كۆبووە و  جەختیكردەوە لەسەر چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەت پرسی موچە.