نوێترین زانیاری لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم
یەحیا
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٠٧
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان پێشوزای لە بڕیارەكەی حكومەتی عیراق دەكات و ئامادەیی نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە ئەپیكۆر ناسراوە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێشوازی لە پێشنیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەكات بۆ هەمواركردنەوەی مادەی ١٢ی یاسای بودجە كە تایبەتە بە دیاریكردنی نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
پێشیوایە دەكرێت بوارێكی تەواو لەئێستادا هەبێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی پێشوویان كە پەیوەندییان بە مەرجە بازرگانییەكان و گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەكردنی ڕابردوو و داهاتووی نەوتی كوردستانەوە هەیە لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق _ توركیاوە. ئامادەیی خۆیشی نیشانداوە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
هەروەها دەڵێت هاوڕایە لەگەڵ پێشنیازەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كە سودی بۆ هەموو خەڵكی عیراق هەیە.
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێشنیارێكی بۆ هەمواركردنەوەی مادەی ١٢ لە یاسای بودجە پەسەند كرد كە تیایدا بڕی ١٦ دۆلار دیاریكراوە بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم، لەكاتێكدا پێشتر بە ٢٠ دۆلار دیاریكرابوو.