دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە یادی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٣٩
باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی لە یادی بنتیاتنانی شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی شارێکی جیاواز لە هەموو شارەکانی دیکەی عیراق و داهێنانی لە هەموو شتێکدا کردووە بۆ خزمەتی خۆی و بووەتە پێشەنگ، شارێك كە هەرگیز سەپاندنی نادادی، جەور و ستەمی قبووڵ نەكردووە دژی وەستاوەتەوە.
دەقی پەیامەکەی...
پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ۲٤۰هەمین ساڵڕۆژی یادی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە
لە ٢٤۰هەمین ساڵڕۆژی یادی بنیاتنانی شاری سلێمانیی خۆشەویستدا، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆمان و تاک بە تاکی خەڵکی سەربەرزی شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیریی کوردستان، شاری بابان و شاری شۆڕشی شێخی نەمر دەکەین.
سلێمانی؛ لانکەی شۆڕشگێڕان، مەڵبەندی زیندووی ئازادیخوازان، رووناکبیران و هونەرمەندان بووە و دەبێت، کەلتوورێکی تایبەت بە خۆی هەیە، مێژوویەكی پڕشانازی لە خزمەتكردن بە رۆشنبیران و ئەدەب و فەرهەنگ تۆماركردووە و داگیرسێنەری مەشخەڵی بزاوتی رۆشنبیری، مەعریفی و رەسەنایەتییە.
شاری شاران؛ شارێك كە هەرگیز سەپاندنی نادادی، جەور و ستەمی قبووڵ نەكردووە دژی وەستاوەتەوە و هەمیشە لە پێشەوەی خەبات بووە، نەوەکانی لە شۆڕش، راپەڕین، بزووتنەوەی كوردایەتیدا و وەستانەوە دژی هەموو بەرهەڵستکارییەک و دەنگ دلێر و بێدەنگ نەبوون.
سلێمانی شارێکی جیاواز لە هەموو شارەکانی دیکەی عیراق و داهێنانی لە هەموو شتێکدا کردووە بۆ خزمەتی خۆی و بووەتە پێشەنگ، لەم بۆنە پیرۆزەدا هیوای گەشەكردنی بەردەوام، پێشڕەوی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی زیاتر بۆ ئەم شارە پڕ لە جوانییە دەخوازین.
سلێمانی یادت پیرۆز، هەمیشە پڕ یاد و یاوەری جوان بیت.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
۱٤ی ۱۱ی ٢٠٢٤