ئاماری هەرێم: ١٩هەزار کەس وەک بژمێر بۆ پڕۆسەی سەرژمێری ناویان گەڕاوەتەوە
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٩٩
دەستەی ئاماری هەرێم ناوی كارمەندانی گرێبەستی وەك بژمێر بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان راگەیاند كە نزیكەی ١٩ هەزار كەس ناویان گەڕاوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ٦١ هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگە بەشێوەی ئۆنلاین لە هەرێمی كوردستان فۆڕمی بوون بە بژمێریان پڕكردووەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە ١٩ هەزار دەرچوو ناوەكانیان گەڕاوەتەوە و بژمێرەكانیش لەسەر بنەمای پێداویستی و شوێنی جوگرافی و قەرەباڵغی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لەسەر ئاستی گەڕەك یان گوند دەستنیشانكراون.
ئاماری هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كارمەندانەی ناوەكانیان دەرچووە پێویستە پەیوەندی بە شوێنەكانیان بكەن بۆئەوەی لەكاتی دیاریكراودا لە هۆڵەكانی راهێنان ئامادەبن، لەئەگەری ئامادەنەبوونیش ئەوا شوێنەكانیان بەدەرچوویەكی دیكە پڕ دەكرێتەوە.