ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیارێكی لەبارەی سەرژمێری لە ناوچە جێناكۆكەكان پەسەندكرد و بڕیاریدا راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێری لەو ناوچانە لەدوای بەراوردكردنی لەگەڵ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ رابگەیەنرێت.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەپێی بڕیارەكە راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێری لەناوچە جێناكۆكەكان بەراورد بە ناوچەكانی تری عیراق و هەرێم دوادەخرێت.

وتیشی، بەپێی بڕیارەكە ئەنجامی سەرژمێری لە ناوچە جێناكۆكەكان دوای بەراوردكردنی لەگەڵ سەرژمێری ساڵی 1957 رادەگەیەنرێت.

هاوكات وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە لە هەرێمی كوردستان و عیراق بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێرییەوە قەدەغەی هاتوچۆ لە سەعات ١٢ـی شەوی ١٩ـی مانگ دەستپێدەكات و لە سەعات ١٢ـی شەوی ٢١ـی مانگ كۆتایی دێت.

دەشڵێت، جوڵەی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێل لەنێوان شار، شارۆچكە، قەزا و ناحیەكان و گوندەكان رێگەپێدراو نییە و دەوەستێت، جگە لە حاڵەتی مرۆیی زۆر پێویست.