بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رەتیدەكاتەوە فەرمانبەرێك دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری دزی بێت و دەڵێت، ئەو بابەتە بۆ لێدان لە سلێمانی بڵاودەكرێتەوە و سكاڵای یاسایی تۆماردەكەن.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كەناڵێكی ئاسمانی بەشێوەیەكی چەواشەكارانە و بەرنامە بۆداڕێژرا و لەپێناو لێدان لە سلێمانی و دوور لە هەموو ئیتیكێكی رۆژنامەوانی، باس لە دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناردەكات لە بەڕێوەبەرایەتیەكەیان.

دەشڵێت، زانیارییەكانی ئەو كەناڵە پڕە لە هەڵە و ناوزڕاندن و تەشهیر بە فەرمانبەرانی كارەبای سلێمانی و راستەوخۆ ناوی فەرمانبەرەكان دەهێنرێت و بابەتەكە هیچ پەیوەندی بە داهاتی كارەباوە نییە و هیچ بڕە پارەیەك لە داهاتی كارەبا نەدزراوە.

وتیشی، تەنها كەیسێك لە ژمێریاریی فەرمانگەكە هەیە و  بە بڕیاری دادوەر چەند فەرمانبەرێك بانگكراون بۆ لێكۆڵینەوە و تەنها یەك فەرمانبەر راگیراوە و لیژنەیەكی لیكۆڵینەوەش پێكهێنراوە و وردبینی لە دۆسیەكاندا دەكەن و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

روونیشكراوەتەوە، دادگا ئەو بابەتە یەكلادەكاتەوە، بۆیە هیچ كەس و لایەنێكی راگەیاندن بۆی نییە لەبری دادگا بڕیاربدات و بە مافی خۆیان دەزانن سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەناڵە تۆماربكەن.