دادگای فیدراڵی سێ بڕگە و هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی هەڵوەشاندەوە
لاڤە
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٥٢٣
دادگای فیدراڵی عیراق سێ بڕگە و هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستانی بە نادەستوری لە قەڵەمدا و هەڵیوەشاندەوە.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر سكاڵایەك كۆبووەوە كە د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماریكردبوو.
بەپێی بڕیاری دادگاكە، بڕگەی چوار لە ماددەی 13 هەڵوەشاندەوە، كە داواكانی رەگەزنامە لە تایبەتمەندی دادگای دادوەری كارگێڕییە و لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە نامێنێت.
هەروەها بڕگەی یەكەم و دووەم لە ماددەی 16 لە یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان بە نادەستوری ناساند و هەڵیوەشاندەوە، كە تایبەتە بەوەی دادگەی دادوەری كارگێڕی تایبەتمەند نییە بە تاوتوێكردنی ئەو تانانەی پەیوەندیدارن بە بڕیارە كارگێڕییەكان، لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دەسەڵاتەكان سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە.
هەروەها بڕیاریدا بەنادەستوریی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2022ەوە لە پەرلەمانی كردستان پەسەندكرابوو.