یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەنجامی دەنگەکانی لە دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، یەکێتی براوەی سەرەکییە لە دەنگدانی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان.
 

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوایکرد، ئەم سەرکەوتن و کەرنەڤاڵەی یەکێتی، بە ھێمنی گوزارشتی لێ بکرێت بە ئامانجی پاراستنی ئارامی لە ھەرێمی کوردستان.

گەزنەیی وتیشی، لێرەو لەوێ ھەندێک میدیای گێرەشێوێن ئامار و داتای ھەڵە بڵاودەکەنەوە بۆ تێکدانی رای گشتی، بەڵام ئەوەی کە لەراستیدا یەکێتی لەنێوان دوو ھەڵبژاردندا دەنگەکانی زۆر زیادیکردووە.

بەپێی ئامارەکان، ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی لە سلێمانی ٢٤٦٣٣ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ٤٩٤١٢ دەنگ بەدەست بھێنێت.

ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی لە ھەولێر ١٢٦٤ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ١٦٣٣١ دەنگ بەدەست بھێنێت.

ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی لە دھۆک ٢٢١٥ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ٢٥٥٣ دەنگ بەدەست بھێنێت.

ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی لە ھەڵەبجە ١٢٣٠ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ١٨٠٧ دەنگ بەدەست بھێنێت.

لە سەرجەم ھەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٢١ یەکێتی ٣٨٣٤٢ دەنگی بەدەستھێناوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ٧٠١٠٣ دەنگ بەدەست بھێنێت.

یەکێتی لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤ توانی ٣١٧٦١ دەنگ لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان زیاد بکات.

وتەبێژی لیستی ١٢٩ی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی ٢٠٢١ ھێز و دەنگدەرێک ھەبووە لە دەرەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی ھەرێم بوون و پەیوەندیداربوون بە ناوچەکانی مادەی ١٤٠وە، بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا تەنھا دەنگدەرانی ناو ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە.