بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٥٢٥ کەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون کە زیاتر لە ١١٠ کەسیان کورد بوون.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا نۆی ئەم مانگە، لانیکەم ٥٢٥ بەندکراو لەسێدارەدراون، کە ١٨یان ژن و سیانیان مێردمنداڵ بوون، ناسنامەی ٤٨٥ کەسیشیان ئاشکراکراوە، بەڵام تەنھا ٨٪ی ئەو سزایە لە میدیا رەسمییەکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە. 

ھەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەوانەی لەسێدارەدراون تۆمەتی جیاوازیان خراوەتەپاڵ، وەک چالاکی سیاسی و ئاینی و سیخوڕی، ھەروەھا لەنێو ئەوانەی سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە، ١١٣ کەسیان کورد بوون کە ٢١.٥٪ی ھەموو حاڵەتەکان پێکدەھێنێت.