دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی کوژرانی گەنجەکەی سنووری ھەولێر دەکات
لاوان
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٨
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندووە، دوای ئەوەی ھەواڵی کوژرانی ئەو ھاوڵاتییەیان پێگەیشتووە دەستبەجێ، تیمەکانیان بەدواداچوونیان بۆ روداوەکە دەستپێکردووە و دەرکەوتووە، ھێزێکی ھاوبەشی ئەمنی بۆ لابردنی زیادەڕۆییەکان و رێگریکردن لە دەستەبەسەرداگرتنی زەوی چوونەتە گوندی کۆرەک و دواتر دەمەقاڵێ و گرژی لەنێوان ھێزەکە و بەشێک لە گوندنشینەکان دروستبووە، سەرەنجام، ئەندامێکی ھێزەکە بە فیشەک ھاوڵاتییەکی بریندارکردووە و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە ھاوڵاتییەکە گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھیچ پاساوێک نییە بۆ کوشتنی ئەو گەنجە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ یەکلاییکردنەوەی ھەر دۆسییەکی زەوی و موڵکی گشتی و زیادەڕۆیی، پێویستە پەنا بۆ یاسا ببرێت، نەک بەکارھێنانی توندوتیژی، داواشیکردووە، تۆمەتباری کوشتنی ئەو ھاوڵاتییە رادەستی یاسا بکرێت و سزای یاسایی بدرێت.