د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان لەھەولێر لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆبوەتەوە، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردن و پابەندبوون بە رێککەوتنەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادکراوەتەوە، لە بەرانبەریشدا ھەرێم شایستە داراییەکانی وەربگرێت.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سبەینێ لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێم کۆدەبنەوە، بەھەمانشێوە بابەتی پابەندبوون بە رێککەوتنەکان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.


ھاوکات نوسینگەی راگەیاندنی عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، تاوتوێی چەندین دۆسیەی دارایی کراوە، کە پەیوەستە بە داھاتەکانی ھەرێم و خەرجی حکومەت و ڕێکخستنەوەی موچەی فەرمانبەران، ھەروەھا بەدواداچوون بۆ ڕێگەچارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێم کرا.