کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری  هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی  ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە :

١- هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک

بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان .

٢- هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم  بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانی کوردستان بکەین.

٣ - بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  و پارتی دیموکراتی کوردستان
4/2/2024