دادگای فیدراڵی بۆ دوایین جار سکاڵای تایبەت بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکات
کوردسات نیوز
٢ی شوباتی ٢٠٢٤
١٬٦٤٩
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە دادگا لەسەر چەند سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان سکاڵای تایبەت بە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان.
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا کە لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم تۆمارکراوە داواکراوە، دادگای فیدراڵی ماددەکانی (١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نادەستوری دابنێت کە تایبەتن بە بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان.
سکاڵاکە چەند جارێک لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بڕیاردان لەسەری دواخراوە، کە دواترینیان رۆژی ٢١ی مانگی رابردوو بوو کە تێیدا دادگا دوای گوێگرتن لە وتەی پارێزەرانی دۆسیەکە و بۆچوونی کۆمسیۆن بۆ دوایین جار سکاڵاکەی بۆ چواری شوبات دواخست.