بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەمەبەستی کارئاسانی و کەمکردنەوەی ڕۆتین و قەرەباڵغی ھاتوچۆی ناو شارەکان و زووتر ڕاییکردنی مامەڵەی باجی ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتیان، رۆژی چوارشەممە تێبینەرانی باجی ئۆتۆمبێل لەناو بینای بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لە رۆژی چوارشەممە، گشت مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتن و نوێکردنەوەو گۆڕینی تایبەتمەندی و ھەڵوەشاندنەوە، بۆ ھەڵگری تابلۆی سلێمانی -٢١ لەناو تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدرێت و کار بە ئەستۆپاکی ھیچ بەڕێوەبەرایەتیەک ناکرێت، بێجگە لە ئەستۆپاکی تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل/سلێمانی.

ھەروەھا راشیگەیاندوە، بۆ مامەڵەی تۆماری یەکەم جاری ئۆتۆمبێلی"بارھەڵگر و ئینشائی" پێویست ناکات سەردانی تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێلی سلێمانی بکەن، ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی کاری بۆ دەکرێت.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، ئەو ھاووڵاتییانەی ئۆتۆمبێلەکانیان پێشتر لە فەرمانگەیەکی باج لە پارێزگایەکی ھەرێم تۆمار کردووە و باجی چەند ساڵێکی داوە، پێویستە ئەستۆپاکی لەو فەرمانگەیە بھێنێت و بەرواری دواین باج دیاریبکرێت.