بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کوردستانیانی خۆشەویست لە کەرکوک، خانەقین، مەندەلی، مەخموور، نەینەوا، شەنگال و خورماتوو، پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنتان لێدەکەم و شانازی بەو رۆحییەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەتانەوە دەکەم کە لە رۆژی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نیشانتاندا.

‏‎راشیگەیاندووە، دووپاتکردنەوەی کوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنڕاوەکان و ھەڵبژاردنی یەکێتیی وەک نوێنەری راستەقینەی خۆتان، وانەیەکی مێژووییە و لەبیری ناکەین. ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە بەرامبەر دڵسۆزیتان وەفاداربین و بارتەقای خۆڕاگریتان، خزمەتتان بکەین. دەشڵێت، ئەوەی سەرۆک مام جەلال بۆ کەرکوکی کرد لە خزمەتکردن و قووڵکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان، درێژەی پێدەدەین.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، سوپاسی تایبەتی دەنگدەرانمان دەکەین لە ھاونیشتمانیان و سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانی تر کە دەنگیاندا بە ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە، دڵنیاتان دەکەم لەجێی ئومێدی ئێوە و دڵسۆزیتاندا دەبین، ھەوڵ و شەونخونی کادرانمان لە رۆژانی بانگەشەی ھەڵبژاردن و دەنگدان بەرزدەنرخێنین.

‏‎ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت قۆناغی نوێی کارکردنمان، ھەنگاونان بێت بە ئاڕاستەی قووڵکردنەوەی ئاشتی و ئاوەدانیی زیاتر لە ناوچەکە، دەست بە چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالەوە بگرین و رێز لە ھەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان بگرین، پێکەوە لەگەڵ عەرەب بە شیعە و سونە، تورکمان و ھەموو نەتەوە و پێکھاتە رەسەنەکانی تر کار بکەین بۆ بنیاتنانی داھاتوویەکی گەشتر کە خەڵک چاوەڕێی خزمەتی زیاتر و ژیانێکی شایستەترمان لێدەکەن و ئێمەش بەڵێن دەدەین کە درێغی نەکەین و لەخزمەتیاندابین.