لەتیف نێروەیی: ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەبێتە پێوەر بۆ نەھێشتنی دۆخی ناسەقامگیری ناوچە دابڕێنراوەکان
کوردسات نیوز
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
١٬٠٤٦
دەقی پەیامەکە...
ناوچە دابڕێنراوەکان، لەنێوان (ھەڵبژاردنێکی چارەنووساز و بەرپرسیارەتییەکی نیشتیمانی) دا.
ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستان، تەنھا پرۆسەیەکی دیموکراتی نیە، کە ھێز و لایەنە سیاسیەکان کێبڕکێ بکەن لەپێناو بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگ، زۆرترین کورسی و وەرگرتنی پشک و ئیستحقاقی ھەڵبژاردن لە ئیدارە خۆجێیەکانی دەڤەرەکەدا. بەڵکو ئەم ھەڵبژاردنە بۆ گەلی کوردستان بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی (نیشتمانی، نەتەوەیی، مێژوویی، ئەخلاقی)یە، ھەروەک پرۆسەیەکی چارەنووسسازە، چونکە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک پرسی گرنگ بە ئەرێنی یان نەرێنی یەکلادەکاتەوە.
ئەنجامەکە دەبێتە پێوەری سەرەکی بۆ مانەوە، یان کۆتایھێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارێزگاری ناشەرعی لەکەرکوک. ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەبێتە ھۆی جێبەجێکردن یان جێبەجێنەکردنی ماددەی (١٤٠) ی دەستوری عیراقی. دەبێتە پێوەر بۆ نەھێشتنی دۆخی ناسەقامگیری ئێستای کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستان کە بەھۆی لێکەوتەکانی ریفراندۆمەوە دۆخێکی ناسەقامگیری (ئەمنی، سیاسی، خزمەتگوزاری، ژینگەیی، ئیداریی، ئابووری) باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، یان دەبێتە ھۆی مانەوەی دۆخەکە.
ئەنجامەکە دەبێتە فاکتەری بەدیھێنانی ئیداریەکی ھاوسەنگ و دادپەروەری پرلە خزمەتگوزار کە ھەموو پێکھاتەکانی کەرکوک بەبێ جیاوازی بەئیدارەی خۆیان بزانن، یانیش وەکو ئیدارەیەکی گەندەڵی ناھاوسەنگ دەمێنێتەوە.
- ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەبێتە پێوەر کە جارێکی دیکە ناسنامەی کوردستانی بوونی( کەرکوک، دوزخورماتوو، خانەقین و گەرمەسێر بە گشتی، مەخمور، دەشتی نەینەوا، شنگال) بسەلمێنن، یان مەترسی لەسەر پاراستنی ئەو ناسنامەیە دروست دەکات.
- ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە دەتوانێت کۆتایی بە کێشەی جوتیارانی کورد و تورکمانی ناوچەکە بھێنێت، یان دەبێتە ھۆی زیاترکردنی گوشار و مەترسییەکان.
ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کۆتایی بە بیری توندڕەوی و شۆفینییەت دێنێت، یان دەبێتە ھۆی بەردەوامبوونی ئەو مەترسییە.
لەم روانگەیەوە ئەم ھەڵبژاردنە بەرپرسیارەتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ھەروەک بەرپرسیارەتیەکی مێژوویی دەخاتە سەر شانی ھەموو ھاوڵاتیانی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان.
بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چ وەکو ھێزێکی سیاسی کە ھەمیشە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، چ وەکو ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە نەک ھەر ھەست بەو بەرپرسیارەتیە دەکات، بەڵکو بە پلانێکی گونجاوخۆی ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی بە پشتیوانی دەنگدەرانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئەو بەرپرسیارەتییە جێبەجێ بکات و بتوانێت زۆرترین دەنگ بە دەست بێنین و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ببێتە ھۆی کۆتایھێنان بە ھەموو ئەو کێشە و مەترسییانەی کە لە سەرەوە باسمان کردووە. بۆ ئەو مەبەستە، وەکو ھەنگاوی سەرەتایی و کردەیی بە ھێزەوە دەستمان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد و دەخوازین بە دەنگی دەنگداران وبە ئیرادەیەکی بەرزیشەوە بتوانین ببەینەوەو بگەینە ئامانجی سەرەکیمان.
لەتیف نێروەیی
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان