لە یادی شەھیدبوونی ھەڵۆکەی خۆشناوەتیدا

"ئەو فەرماندەیەی سەرۆک مام جەلال بەمەلا و فەرماندە ناوی دەبرد"

شەھید نەجیم ئەحمەد حسێن ناسراوە بە شەھید " مەلا نەجم"، لەساڵی ١٩٦٥ لەدایکبووە و دوای تەمەنێکی کەم خراوەتەبەر خوێندنی ئاینی و لەگەڵ ھەڵکشانی تەمەنیدا لەگەڵ وتاری ئاینی دەستیکردووە بە وتاری نەتەوەیی، نیشتیمانی، جۆشدانی خەڵک بۆ شۆرش و خەبات.

لەساڵی ١٩٨٧ بووەتە پێشمەرگە لە ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەر زوو یەکێتی زانایانی شۆڕشی دروستکردووە، ژمارەیەکی زۆر لەمامۆستایی ئاینی لە دەوری شۆڕش کۆکردووەتەوە.

شەھید نەجیم ئەحمەد، لەساڵی ١٩٨٨ لەکاتی کیمیایی بارانکردنی بالیسان و شێخ وەسان رۆڵێکی گەورەی بینیوە لە رێنماییکردنی خەڵک و دەربازکردنی بریندارانی کیمیایی.

ھاوکات سەرپەرشتی ئازادکردنی شاخی کێل کێل و سەری جوانەگای کردووە لە دەستی رژێمی بەعس لە راپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستاندا رۆڵێکی گەورەی بینیوە لەئازادکردنی شەقڵاوە، ھیران، بالیسان و ناوچەکە لە نەبەردیەکەی دەربەندی کۆڕێ رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە و ھەر بەھۆی لێھاتویی مەکتەبی سیاسی بە سەرپەرشتیکردنی عەسکەری و رێکخستنی شەقڵاوە رایدەسپێرن، بەھۆی زیرەکی و لێھاتوییەوە ناوبانگی شەھید مەلا نەجم، دەگاتە سەرۆک مام جەلال و بە "مەلای سیانزە علم" ناوی دەبات.

لەگەڵ ئەوەشدا شەھید نەجیم ئەحمەد، بەشداری چەندین خولی پەیمانگەی کادرانی کردووە و لەلایەن سەرۆک مام جەلالەوە خەڵاتکراوە، چەندین پلەی رێکخستن و سەربازی ھەبووە سەرەڕای ئەوەش ١٣٥ کێشەی کۆمەڵایەیی ناوچەکەی چارەسەرکردووە و بەشداری چەندین نەبەردی و پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان کردووە.

شەھید " مەلا نەجم" لەبەرەبەیانی٣٠/ ١٠/ ١٩٩٧ لەشەرێکی بەزۆرسەپاودا شەھیدکرا.

بەگەیشتنی ھەواڵی شەھیدبونی شەھید " مەلا نەجم"، بە سەرۆک مام جەلال، بروسکەیەک ئاڕاستەی پێشمەرگە و خانەوادەی شەھید دەکات و دەڵێت، " وێڕایی نیگەرانی قوڵم کە ئەجەل ھات ناگەڕێتەوە بەڵام تۆ بە شەھیدبوون ئەجەلت کۆتایی نایەت و لە بەھەشتی بەریندا لەگەڵ شەھیدان جەعفەر، د. خالد، شەھاب و عەلی عەسکەری و حەسەن کوێستانی، ئارام، سەعدی گچکە و سەید کەریم و حسێنە سور بەیەک دەگەنەوە، تۆ بۆ ھەتاھەتا سەربەرزیت تۆمارکرد".