پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بڕیاروابوو ھەفتەی پێشوو بڕی ٧٠٠ ملیار دیناری موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەستبە دابەشکردنی موچە بکەن، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی رێککەوتنەکانی ھەردوولا ناردنی پارەکە دواکەوت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ھەفتەیە وەفدی ھەرێم دەچنەوە بەغداد و ڕۆژی سێشەممەی داھاتوو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەیان ھەیە و دەیانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لە بارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمەوە بدرێت.

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم دەشڵێت، لە ماوەی ڕابردوودا نییەتی ڕوونی حکومەتی ھەرێم نیشاندراوە بۆ ڕێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، ھیچ شتێک لەسەر حکومەتی ھەرێم نەماوە کە ئەنجامیبدات، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێدەنگ نابن.

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم جەختیشیکردەوە، پێویستە حکومەتی فیدراڵ شایستە داراییەکانی ھەرێم بنێرێت، چونکە ناکرێت چیتر مافی مووچەخۆرانی ھەرێم پێشێل بکرێت.