وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕو، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە مقەدەم پوشۆ خالید جێگری فەرماندە لە لیوای ١٨ی پیادە کە چەند رۆژێک بوو بە برینداری لەنەخۆشخانە لە ژێر چارەسەردابوو، بەھۆی سەختی برینەکەیەوە شەھید بوو.

٢٢ی ئەم مانگە پێکدادانی نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور لە بناری چیای قەرەچووغ، لەسەر سێ خاڵی سەربازی روویدا و لە ئەنجامیشدا چوار پێشمەرگە شەھیدبوون و ١٦ی دیکەش برینداربوون، ھاوکات لە سوپای عێراقیش دوو سەرباز کوژران و ھەشتی تریش برینداربوون.

پەیوەست بە رووداوەکەش فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە  رایگەیاند، دەستێکی دەرەکی لەپشت گرژییەکانی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە لە چیای قەرەچووغ بووە، بۆیەش چاوەڕێ دەکەن بە زووترین کات دۆخی چیای قەرەچووخ و دەوروبەری ئاسایی ببێتەوە.