بەھۆی بۆردوومانی تورکیاوە لە دێرک فەرماندەیەکی ھەسەدە و منداڵێک گیانیانلەدەستدا
ئایار
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
١٬٠٤٣
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، رۆژی ھەینی، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ماڵێکی لە شاری دێرک لەسنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە و ژنێکیش برینداربووە.
ھاوکات ناوەندی رۆژنامەوانیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە بڵاویکردەوە، فەرماندەیەکیان بە نازناوی فەرھاد دێرک لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شاری دێرک، کەوتووەتە بەر بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا و گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئامارێکی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، تورکیا ئەمساڵ ٩٣ بۆردوومانی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا ئەنجامداوە و بەھۆیەوە ١٧ مەدەنی کە دووانیان منداڵن گیانیانلەدەستداوە و ٥٨ ئەندامی ھێزەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا گیانیانلەدەستداوە.