مقاوەمەی ئیسلامی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، چەکدارەکانیان بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ھێرشیانکردووەتەسەر بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە تەنیشت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، ھەردوو ھێرشەکەش ئامانجی خۆیان پێکاوە.

ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، دوای ھێرشەکە کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ھەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا کە ئاماژەیە بۆ بەدیکردنی مەترسییەک یان پوچەڵکردنەوەی ھێرشێک کە سیستمی بەرگری بەرپەرچی دابێتەوە، ئەویش بەو مانایە دێت کە مەترسی ھەیە.

مقاوەمەی ئیسلامی عێراق یەکێکە لە گروپە چەکدارییەکان و دوای پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە ھێرشەکەی بۆسەر غەززە، ھێرشەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دەستپێکردووە و لە ھەفتەی رابرووشدا لانیکەم ١٥ جار بنکەکانی ئەمریکایان لەو دوو وڵاتە کردووەتە ئامانج.