کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیاری لابردنی لە پۆستەکەیدا بڵاوکردەوە و وەڵامی ئازاد حەمەدەمین جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام لە رێگەی خۆمانەوە ئاگادارمان کردووەتەوە، لادانی سکرتێری لق کە بە کۆنگرە و کۆنفرانس دانرابێت، بەچوار ئیمزای گوماناوی زۆر مەبەستاوی داوایەکی بەتاڵە و کەس بە پولێک لێت ناکڕێت.

وەڵامێک بۆ ئازاد حەمەدەمین...

مرۆڤە بەڕێزو سەنگینەکان ھەرگیز کارێک ناکەن کە ببێتە مایەی ناوزڕاندن و شکستی کەسایەتیان، خەڵکی ژیرو ھۆشمەند تەنھا یەک جار وەڵام دەدرێنەوە، ئیتر پێویست بە قوڕ شێلان و خۆڵ بەسەر خۆکردن ناکات، بەڵام واپێدەچێت جەنابی نەقیبی رۆژنامەنووسان پێویستی بە دووجار وەڵامدانەوە ھەبێت، جارێک دوو ساڵ لەمەوبەر لەدەنگی ئەمەریکاوە وەڵامم دایتەوە و ئەمجارەش لەپاش دیدارەکەی (روداو) شایان بەوەڵامی دووەم دەبیت.

ـ وەک پارێزەری یاسا و پەیڕەو ھەمووکات وتوومانە: ئەم سەندیکایەی ئێمە پەیڕەوی ناوخۆ و یاسایەکمان ھەیە کە لە پەرلەمانەوە دەرچووە، دڵنیام ناوی ھەردووکیانت بیستووە، کەچی بەردەوام لە دەرەوەی پەیڕەو و یاسا دژی لقی سلێمانی دەوەستیتەوە.

ـ بەردەوام لە رێگەی خۆمانەوە ئاگادارمان کردویتەوە: لادانی سکرتێری لق کە بە کۆنگرە و کۆنفرانس دانرابێت، بەچوار ئیمزای گوماناوی زۆر مەبەستاوی داوایەکی بەتاڵە و کەس بە پولێک لێت ناکڕێت.
ـ ئەوەندە لەگەڵ یاسا بووین، وتومانە: ئەگەر کێشەیەکمان خوڵقاندووە، خوانەخواستە پارەیەکمان خواردووە، دوور بێت لە رووتان جوڵەیەکی نەخوازراومان کردبێت لێرە و لەوێ، دەتوانن گلەییمان لێ بکەن و تەنانەت رێگای دادگامان لێبگرن، نەک لە شاشەوە قسە و قسەڵۆک دروست بکەیت.

ـ چۆن لە پەرێزی پیشەیی خۆمان دڵنیابووین، پێمان وتوون: ئەگەر گومانت لە شتێک ھەیە بەپێی یاسا لیژنەیەکی بۆ دروست دەکەین و لە نزیکەوە قسە لەسەر بابەتەکە دەکەین، نەک بە مەرکەزیەت و خۆسەپاندن بڕیار بەسەر ئیرادەی سلێمانیدا بسەپێنیت.

ـ ئێمە خۆمان و لقی سلێمانیش بە نوێنەری سەرجەم رۆژنامەنووسان دەزانین، ھەر بڕیارێک ھەبێت یاسامان سەرپشک کردوە، کەچی تۆ بە پاڕانەوە و دەستوەردانی حزبی لەلایەن خۆتەوە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەیت و ناھێڵیت رێکاری یاسایی بەرقەرار ببێت.

ـ لە ھەموو کەس باشتر دەزانیت، سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە و ئازادی رۆژنامەنووسی لە ترۆپکدایە، بەڵام تۆ سلێمانی بە کوێرە دێیەک تێگەیشتوویت بۆیە ئەو دەستە بخە ژێر سەرت. 
ـ سەندیکا بەرەییە و لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی دامەزراوە، بەڵام سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، موڵکی تایبەتی تۆنیە یا حزبێکی دیاریکراو تا بە ئارەزووی خۆت خەڵک بھێنێت و خەڵک دەربکەیت!!!! ھێواش ھێواش کاکە.
ـ جوانترین سیفەتەکانی مرۆڤ راستگۆییە، ئەم دیدارەی ئەمڕۆتان لە روداو زیاتر ھیستریاو پاڕانەوەو ھەناسە بڕکێ بوو نەک وتنی راستیەکان.

ـ ئێمە لە سلێمانی ھەرگیز وەک جەنابتان دەستوەردانی حزبی و نایاساییمان نەکردووە، ئەگەر پێویستیش بکات زۆر کاری وردتر و زیاتر دەخەینەڕوو سەبارەت بە کاری دوانزە ساڵی رابردووتان لەم سەندیکایە.
-لەبیرتان بێت تا ئێستا چەندین جار بڕیاری داخستنی لقی سلێمانی و لقەکانی تریشتان داوە بەڵام بۆتان نەچوەتە سەر..

-کاک ئازادی بەڕێز کاری سەندیکایی بە کۆنە قین ناکرێت، وشەی دەرمان کردوە لایەقی جەنابت نیە، تۆ نەقیبی من رێزت دەگرم لەچوارچێوەی کاردا، ئەگینا وەک بۆچوونی خۆم تۆ نە حاکمیت و نە ئازادیت و نە رۆژنامەنووسیت..

کاروان ئەنور
سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
٢٦/١٠/٢٠٢٣