ئەحمەد مام رەسوڵ بەرێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨ بە پێی فەرمانێکی قوباد تاڵەبانی، ١١ ھەزار و ١٠١ پارچە زەوی بۆ کەسوکاری شەھیدان و زییندانیانی سیاسی لە ھەموو شارو شارۆچکەکانی ھەرێم دەکرا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەشدا لە دوو ساڵی رابردوودا زینداینانی سیاسی و کەسوکاری شەھیدان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان زەویان وەرگرتووە.

وتیشی، لە بەردەوامبونی ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی زەوی تەرخانکراو بۆ زیندانیانی سیاسی بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی زەوی بۆ ھەزار و ١٠٠ زیندانی کراوی سیاسی لە سنوری شارەوانی سلێمانی تەرخانکراوە، لەو ژمارەیەش ٤١٦ کەسیان وردبینی مامەڵەکانیان تەواوبووە، ئەوانەی ماونەتەوە پێویستە مامەڵەکانیان رەوانەی ھۆبەی زیندانیانی سیاسیی بکەن بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی ووردبینی زەوییان بۆ تەرخان بکرێت.

وتیشی، پێویستە ئەو (٤١٦) زیندانیکراو و راگیراوە سیاسیانەی ناوەکانیان راگەیەندراوە سبەینێ سەعات نۆی بەیانی لەھۆڵی رۆشنبیری لەشاری سلێمانی ئامادەبن بۆکاری تیروپشک و وەرگرتنی زەویەکانیان، لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە.