دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی خولی تەکنەلۆجیای زانیاری دەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
٣٠٩
لە مەراسیمی کۆتایی خولەکەدا باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ئامادەبوو وتەیەکی پیشکەش مامۆستایانی بەشداربوو کرد و وتی: "لە کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەردەوام دەبێت و ئامانجمانە لەڕێگەی ئەم خولانەوە مامۆستای پرۆفیشناڵ پێبگەیەنین و زانکۆکان لێی سوودمەندبن" و سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وتیشی: "کردنەوەی ئەم خولە لە چوارچێوەی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنمانە لەگەڵ زانکۆی ھەڵەبجە و ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان بۆ ئێمە گرنگن دەمانەوێت زۆرترین پرۆژەمان لە شاری ھەڵەبجە بێت".
لە خولەکەدا نوێترین بابەتە زانستی و تەکنیکییەکان فێری مامۆستایان کراوە کە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا بۆ مامۆستایەکی زانکۆ پێویستە، ھەرووەھا باس لە ئەکادیمی تووڵەکان کراوە "ئامرازەئەکادیمییە مۆدێرنەکان" کە کەسێکی ئەکادیمی پێویستییەتی وەک مامۆستا یان توێژەر لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا، ھەروەھا لەم خولەدا وانەی درووستکردنی نوێترین ئەکاونت و بەرنامە نێودەوڵەتییەکان، بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکان لە گۆڤارە زانستییە نێودەوڵەتییەکان وترایەوە کە مامۆستایان بۆ بابەتی توێژینەوە پێویستیانە و لێی سوودمەند دەبن.
خولەکە مامۆستایانی زانکۆی ھەڵەبجە بەشداری تێدا کرد، ئەم خوولە بۆ ماوەی چوار ھەفتە و بەشێوازی گرووپ بوو، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٣/١٠/٢٠٢٣ بە کۆتا گەیشت، پ. د. مھاباد کامیل عەبدوڵڵا، سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە لە وتەیەکیدا سوپاسی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرد و ھیوای خواست کە ئەم جۆرە خولانە بەردەوام بێت.
لە کۆتایی خولەکەدا بڕوانامەی بەشداربوون درایە ئەو مامۆستایانەی بەشدارییان کرد بوو، خولەکەش لەلایەن مامۆستا باوەڕە محەمەد، مامۆستای لە بەشی کۆمپیوتەری زانکۆی ھەڵەبجەوە وترایەوە. ئەم خولە یەکێکە لەو زنجیرە خولانەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کردوویەتێەوە بۆ بەشێک لە فەرمانگە جیاوازەکانی شاری سلێمانی، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی تواناکان و بەھێزکرنی زانیاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانە لەڕووی ماف و ئەرکەکانیان لەبواری کارگێڕیدا.