عێراق ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم راگەیاند
کوردسات نیوز
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
١٬٩٦٣
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رەسمی عێراقییە رایگەیاند، عێراق ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە و لەئێستادا ئەو پرۆسەیە تەنھا چەند رێککارێکی تەکنیکی ماوە.
ئەوەشی خستەڕوو، راگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان کاریگەری لەسەر ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت ھەبووە، بەڵام بەھۆی بەرزی نرخی نەوتەوە کاریگەری لەسەر بوودجەی عێراق نەبووە، وتیشی، پشکنین بۆ بۆرییە نەوتییەکانی بەندەری جەیھان کراوە و بۆرییەکان بە تەواوی ئامادەن بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان.
وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، لەگفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە نەوتەی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە ھەناردە دەکرێت، وتیشی، بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ئاگاداریانکردوونەتەوە کە پێویستیان بە کاتە بۆ ئامادەکردنی کێڵگە نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت.