ئەمەش دوایی نۆ ساڵی دابران، بەھۆی ھاتنی تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەکو یەکەمین ھێزی کوردی بارەگای خۆی کردەوە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی لە ناحیەی وانە، لەسەرەتای مەراسیمەکەشدا ئاراس محەمەد ئاغا پیرۆزبایی و سڵاوی سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی و مەکتەبی رێکخستنی لە تەواوی ئامادەبووان کرد و ھیوای خواست بەکردنەوەی ئەم بارەگایە بتوانین خزمەتی ھەموو چین و توێژی ناحیەی وانە بەھەموو پێکھاتەکانییەوە بکەین.

ھاوکات راشیگەیاند، یەکێتی خۆی بەخزمەتکاری ھەموو لایەک دەزانێت ھەروەک سەرۆک مام جەلال گرنگی تایبەتی داوە بە ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانی دەشتی نەینەوا بۆیە ئێستا یەکێتی بەسەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ درێژە پێدەری رێبازی سەرۆک مام جەلال دەبێت لە پشتوانیکردن و خزمەتکردنی پێکھاتەکانی نەینەوا بەبێ جیاوازی . 

دیارە سەرۆک بافڵ و مەکتەبی رێکخستن کردنەوەی ئەم بارەگایان لەم دەڤەرە بە گرنگ زانیوە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە، بەتایبەتی دوای ئەو ساڵانەی کە ھێزە کوردیە بەھۆی شەری داعشەوە ئەم ناوچەیەیان چۆڵکردبوو، ئەمڕۆش بە شانازیەکی زۆرەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بارەگای خۆی کردەوە دووبارە پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم بارەگایە لە ھەموو لایەک دەکەین و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین پشتیوان و ھاوکاری بەردەوام دەبین .